محەممەد هۆشەنگی حەوت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ حەوت ڕۆژە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە و بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانە گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، محەممەد هۆشەنگی بەندکراوی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ دوای ئەوەی حەوتووی پێش مانگرتن لەخواردنی خۆی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشمەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە.
محەممەد هۆشەنگی لە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٢ی فێوریوەری ٢٠٢٢)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستتێوەردانی سوپای پاسداران لە دۆسیەکەی و دژایەتی ئەم ناوەندە ئەمنییە لەگەڵ ئازادی کاتی سەرباری دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی، دوای یەک ساڵ ڕاگیران لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بۆ ئازادی محەممەد هۆشەنگی داوای بارمتەی دوو ملیار تمەنی کردووە کە دوای دابین کردنی ئەم بڕە پارەیە و ئەنجامی کاروباری ئیداری لەلایەن بنەماڵەی هۆشەنگییەوە، دادگا پێیانی ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسداران بە بیانووی کۆتایی نەهاتنی لێپرسینەوەکانی ئیزن نادات محەممەد هۆشەنگی ئازاد بکرێت.
محەممەد هۆشەنگی زستانی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٠ی ژانیوەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە تاران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٦ مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.
محەممەد هۆشەنگی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ هەر یەک لە فەرزاد سامانی و ساکار عەینی دوو چالاکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی «بەغی» خراوەتە پاڵیان و دۆسیەکەیان ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی کراوە.