گوشار و هەڕەشە لەسەر بنەماڵەی سوحبەتوڵڵا ئۆمێدی یەکێک لە شایەتەکانی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر سەر ماڵی چەند کەسی نزیکی سوحبەتوڵ

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢٣:٣١

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر سەر ماڵی چەند کەسی نزیکی سوحبەتوڵڵا ئۆمێدی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٩ و هەروەها یەکێک لە شایەتەکانی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر، ئازار و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراو.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوک و برای سوحبەتوڵڵا ئۆمێدی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٩ و دوای پشکنینی ماڵەکەیان، و وێڕای ئازار درانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

دوای ئەوەی ئەم چالاکە سیاسییە لە ئێران هاتووتە دەرەوە لە دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر کە لە لەندەن بەڕێوەچوو، بە وەکوو شایەتی ژمارە ١٧٥ بەشداری کردووە، زەخت و گوشارەکان لەسەر بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە زیاتر بووە و دەیان جار ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

سوحبەتوڵلا ئۆمێدی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە حاڵێکدا کە بریندار بوو لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان گوازرایەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەمبارەوە بە هەنگاوی وتبوو: «سەرەڕای ئەوەیکە بە سەختی بریندار بووم بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە کراوم و بێ ئەوەی دانی بە تاوانێکدا نابێت لە دادگای یەکەمدا سزای هاوشێوەی سێدارە (اعدام صوری) ی بە سەرمدا سەپا."

دواجار ناوبراو لە ڕێبەندانی هەمان ساڵدا لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەسەدی، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری ئێران" سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی " کۆبوونەوە و پێکهاتنی نهێنی بۆ ئەنجامدانی کارێک (تبانی) " سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و حوکمەکانی لە جۆزەردانی ساڵی پار لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا.

بە وتەی ئومێدی، ئەم سزایە بە تۆمەتی کۆبوونەوەی نایاسایی دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات و ئەندامەتی لە حیزبی د\دیموکرات و ناردنی گرتەی ڤیدیۆیی بۆ حیزبی دیموکرات بە سەر ناوبراودا سەپاوە.

شایانی باسە کە سوحبەتوڵا ئۆمێدی زستانی ٢٧١٩ بە ناچار زێدەکەی بە جێهیشت و ئێستا لە وڵاتێکی دراوسێی ئێران ژیان بە سەر دەبات. پاش هەڵاتنی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران سەفەر بۆ دەرەوەی وڵاتیان لە خێزان و منداڵە ٧ ساڵەکەی قەدەغە کردبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە