ڕێبوار عەبدوڵڵایی بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری سنە کە سەرەتای مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو بە بارمتە ئازاد کرا.

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٩:١٨

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری سنە کە سەرەتای مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٩ی مارسی ٢٠٢٢)، ڕێبوار عەبدوڵڵایی چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە ڕێبوار عەبدوڵڵایی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە، لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ڕێبوار عەبدوڵڵایی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٢) لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵی خۆی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

پێویست بە وتنە کە ڕێبوار عەبدوڵڵایی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ هاوکاری کردن بە مەبەستی پێکهێنانی گرووپی کرێکاری بووە و ساڵی ٢٧١٤ ( ٢٠١٤) دەستبەسەر و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی سزا یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە