هەنگاو ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە گیراوانی مەریوان ئاشکرا دەکات
هەنگاو: ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە گیراوانی ئەم دواییانەی مەریوان کە دوای هێرشی باڵی سەربازی کۆدار بۆ سەر پایگایەکی سپا دەستبەسەر کرابوون، ئاشکرا بوو.
هەنگاو: ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە گیراوانی ئەم دواییانەی مەریوان کە دوای هێرشی باڵی سەربازی کۆدار بۆ سەر پایگایەکی سپا دەستبەسەر کرابوون، ئاشکرا بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، دوای تێکهەڵچونوی چەکداری یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای پاسداران لە ڕۆژی شەممە( ٣٠ پووشپەڕ ٢٧١٨/ ٢١ ژوئیە ٢٠١٨)، کە تێیدا ٢١ ئەندامی سپای پاسداران کوژرابوون، لانیکەم ١٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوانەوە دەستبەسەر کراون.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دەرێ کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیوویست ناوی ئاشکرا بێت لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە پاش ئەو شەڕە سـێ کەسی خەڵکی ئەو گوندە بەناوەکانی ”محەمەد ئیرانخا، محەمەد حوسێنی و محەمەد مەملەکەتی“ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی، کە هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ٤ی بەیانی و بە بێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە و داویانیانەتە بەر لێدان و کوتان و تەنانەت ژنی یەکێک لەو سێ کەسەشیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزییان پێ کردووە.
ئەو هێزانە ویڕای پشکنینی ماڵی ئەو سێ کەسە، دەستیان بەسەر هەموو کەرەستە تاکەکەسییەکانی ئەواندا وەکوو مۆبایل، لەپتۆب و کتێبەکانیان گرتووە.
هەنگاو پێشتر ناسنامەی سێ کەسی دیکە لەو دەستبەسەر کراوانەی بەناوەکانی "عوسمان دڵاوێز " و "محەمەد کەرەمی" خەڵکی گوێزە کوێرە و "ئەکبەر سەمەدی" خەڵکی ناوشاری مەریوان بڵاو کردبوویەوە.
پاش دە ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو ١٦ هاووڵاتییە چارەنووسی هیچ کامیان دیار نیە و هەتا ئێستاش ناسنامەی ١٠ کەسی دیکە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.