محەممەد مورادی بە بارمتەی ٨ ملیار تمەنی ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی هەڵوەشابوویەوە و سزای ١٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای زە

٢١ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٦:٢٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی هەڵوەشابوویەوە و سزای ١٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای زەنجانی بە سەردا سەپابوو، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢١) ١٢ی مارسی ٢٠٢٢ (، محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای زیاتر لە ٤ ساڵ بەندکران بێ مافی مرەخەسی بە دانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

دوای هەڵوەشانەوەی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی محەممەد مورادی لەلایەن دادگای باڵا، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای ١٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەی چورزەق سەر بە پارێزگای زەنجانی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢)، دانیشتنی سەرلەنوێ دادگایی کردنی محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی کورد کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشایەوە، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بەڕێوە چوو.

محەممەد مورادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە جیا بووەتەوە و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ (٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) لە سنووری کێلێی سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەممەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوە بە ناوی عەلی ئاتەش بەرگ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەممەد لە کاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەممەد مورادی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بە تۆمەتی «بەغی» لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای بانگ کرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

ئەم سزایە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣٤ی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای مەهاباد کراوەتەوە.
جێگای باسە کە محەممەد مورادی تەمەن ٣٥ ساڵ خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە