بەندیخانەی ئورمیە: گواستنەوەی سێ بەندکراوی سیاسی بۆ ژووری تاکەکەسی و مانگرتنی بەندکراوانی دیکە

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کە یەکێکیان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، دوای ئەوەی ناڕەزایەتییان لەسەر جیانەکردنەوەی بەندکراوانی سیاسی لە بەندکر

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:١١

 

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کە یەکێکیان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، دوای ئەوەی ناڕەزایەتییان لەسەر جیانەکردنەوەی بەندکراوانی سیاسی لە بەندکراوانی دیکە دەربڕیوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرانەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٢)، سێ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی شاکر بێهروزی، کامران قاسمی و ئەمین دڵنشین بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ دادوەر دیداریان دەبێت لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە هێنراونەتە دەرەوە و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی ئەم سێ بەندکراوە ناڕەزایەتییان لەسەر جیانەکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکانیان لە بەندی سیاسی و گواستنەوەی چەندین بەندکراوی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی مادەی هۆشبەر بۆ ئەو بەندە دەربڕیوە و هەر بۆیەش بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی ئەم سێ بەندکراوە نێردراونەتە ژووری تاکەکەسی، باقی بەندکراوانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانیان گرتووە و نەهاریان وەرنەگرتووە.

شاکر بێهروزی و کامران قاسمی دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیەن و کە شاکر سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و کامران سزای ١٠ ساڵە بەندکران. زانیاری زیاتر لەسەر ئەمین دڵنشین لەبەر دەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە