کەیومەرس لەتیفی مامۆستای زمانی کوردی بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

هەنگاو: مامۆستایەکی زمانی کوردی دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٩:٢١

 

هەنگاو: مامۆستایەکی زمانی کوردی دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ ( ١٦ی مارسی ٢٠٢٢ )، کەیومەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی سنە، دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی لەتیفی لەو بارەوە بە هەنگاوی وت: «کەیومەرس لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکەی لە گواستنەوەی خۆی بۆ بەندیخانەی ئورمیە ئاگادار کردووەتەوە و ناوبراو لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٢ (دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گوازرایەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی کەیومەرس لەتیفی بەتایبەت خوشکەکانی و لەئەگەری بەردەوامبوونی میدیایی کردنی ئەم باسە هەڕەشەی دەستدرێژی کردنەسەریان لێکراوە. ئەو هێزانە تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لە فەرید لەتیفی برازای ناوبراو کردووە کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە.

جێگای ئاماژەیە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەمان ڕۆژ کە کەیومەرس لەتیفییان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە، ماڵەکەیان پشکنیوە و هەروەها ماڵی خوشکەکەمیان پشکنیوە و بەهۆی هەڵسوکەوتی نالەبار ئارەزوو لەتیفی خوشکی ناوبراو لە هۆش چووە.

کەیومەرس لەتیفی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی شاری سنەیە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام هەوڵی داوە بە کردنەوەی خولی زمانی کوردی، لاوان فێری زمانی کوردی بکات و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی مەولەوی کوردی شاری سنە بووە.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەش کە لە بەندیخانە بووە خولی فێربوونی زمانی کوردی کردووەتەوە و چەندین بەندکراوی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی خۆیان کردووە.

ناوبراو هاوینی ساڵی ٢٧٢١٩ (٢٠١٩) جارێکی دیکەش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای سنە دەستبەسەر کرابوو.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە