سەید محەممەد حوسێنی دوای ٤ ساڵ بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی هەڵوەشابوویەوە و سزای ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکا

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٢:٣١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی هەڵوەشابوویەوە و سزای ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی بە سەردا سەپابوو، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٧ مارسی ٢٠٢٢ )، سەید محەممەد حوسێنی بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە دوای زیاتر لە ٤ ساڵ بەندکران بێ مافی مرەخەسی بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

دوای هەڵوەشانەوەی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن دادگای باڵا، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەی هەریس سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

سەید محەممەد حوسێنی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ (مەی) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەوادی بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١) بەفەرمی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە پێی ڕاگەیەندرا.

ئەم سزایە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن دادگای باڵا بە هۆی کەم و کۆڕی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان هەڵوەشایەوە.

سەید محەممەد حوسێنی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٧ (٩ی ژانویەی ٢٠١٨) پاش جیابوونەوە لەو حیزبە و گرتنی ئەمان نامە، گەڕابوویەوە بۆ نەغەدە. سەید محەممەد حوسێنی سەرەڕای ئەوەیکە لە بەرپرسانی ئێران ئەمان نامەی وەر گرتبوو، پاش گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێدرابێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کرابوو.
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە