سەید محەمەد حوسێنی سزای ٨ سال دوورخرانەوە بۆ هەریسی بەسەردا سەپا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە چەند مانگ پێش سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشایەوە، سزای د

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:٠٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە چەند مانگ پێش سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشایەوە، سزای دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەی هەریس لە نزیک تەورێزی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەید محەممەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە کە پێشتر سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا بوو و ئەم سزایە دواتر لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشابوویەوە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەی هەریس لە نزیک شاری تەورێزی بەسەردا سەپا.

هەنگاو زانیویەتی کە سەید محەممەد حوسێنی هێشتا لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە و ئازاد نەکراوە، بەڵام بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئازاد و بۆ شاری هەریس دوور بخرێتەوە.

سەید محەممەد حوسێنی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ (مەی) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەوادی بە تۆمەتی موحاریبە لە رێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١) بەفەرمی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە پێی ڕاگەیەندرا.

ئەم سزایە مانگی سەرماوەزی ئەمسال  لەلایەن دادگای باڵا بە هۆی کەم و کۆڕی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان هەڵوەشایەوە.

سەید محەممەد حوسێنی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ڕۆژی سێشممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٧ (٩ی ژانویەی ٢٠١٨) پاش جیابوونەوە لەو حیزبە و گرتنی ئەمان نامە، گەڕابوویەوە بۆ نەغەدە. سەید محەمەد حوسێنی سەرەڕای ئەوەیکە لە بەرپرسانی ئێران ئەمان نامەی وەر گرتبوو، پاش گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بێ ئەوەیکە مافی مەرەخەسی پێدرابێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراوە.

بەهاری ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە بە مەبەستی ئازادیی کاتیی سەید محەمد حوسێنی داوای بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنییان کردبوو کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نەبوو ئازاد نەکرا. ئەمە لە کاتێکیشدا بوو کە زۆربەی بەندکراوەکان بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا جووبوونە مرەخەسی، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە لەو مافەش بێبەش کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە