ڕێگە نەدرا کاوە حەسەن پوور ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو بچێتە ناو خاکی تورکیا

هەنگاو: ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوای ئەوەی چووە فڕۆکەخانەی ئەزمیری تورکیا، بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی

٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٠٩:٠٦

 

هەنگاو: ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوای ئەوەی چووە فڕۆکەخانەی ئەزمیری تورکیا، بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر و دوابەدوای ئەوە بە نووسراوە پێیان ڕاگەیاند مافی ئەوەی نییە بچێتە خاکی ئەو وڵاتە گەڕاندیانەوە بۆ شاری مۆنیخی ئەڵمانیا.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢١ی مارسی ٢٠٢٢)، کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە، دوای ١٠ ساڵ بە مەبەستی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی سەردانی وڵاتی تورکیای کردبوو کە دوابەدوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئەزمیری ئەو وڵاتە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ناچاریان کردووە کە بگەڕێتەوە وڵاتی ئەڵمانیا.

کاوە حەسەن پوور لەوبارەوە وتی: «دوابەدوای گەیشتنم بە فڕۆکەخانەی ئەزمیر و شوێنی چێک کردنی پاسپۆرت، کارگێڕی ئەو بەشە وتی کە ئێوە ناتوانن بێنە ناو خاکی تورکیا و هەر لەو کاتەدا چەند ئەندامی دەزگای زانیاری تورکیا (میت) هاتوون و مینان بردووەتە ژوورێک و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێم کردووە و لە وەڵامدا وتوومە کە من بە بێ پارێزەر وەڵامی هیچ پرسیارێکی ئێوە نادەمەوە».

حەسەن پوور لە درێژەدا وتی: «ئەو کەسانە بە منیان وتووە کە ئێوە بە هۆی چالاکییەکانتانەوە لە لیستی دژبەرانی تورکیادان و هەر بۆیەش مافی ئەوەتان نییە بێنە ناو ئەم وڵاتە و ڕۆژی سێشەممە وێڕای دەرکردنی من ناچاریان کردووم کە لەڕێگەی هێڵی ئاسمانیی ئەزمیر مۆنیخ بگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا».

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دەزگای زانیاری تورکیا ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی کوردی کە ئێستا وەکوو پەناخواز لەو وڵاتەدا دەمێننەوە بانگ کردووە و لێپرسینەوەی لێیان کردووە کە زۆربەی پرسیارەکانیان لە سەر چالاکییەکانی هەنگاو بووە و داوایان لێیان کردووە کە هاوکارانی هەنگاویان پێ بناسێنن.

لە لایەکی دیکەوە، دوو مانگ پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ژمارەیەک لە نزیکانی بنەماڵەی کاوە حەسەن پووری بانگ کردووە و داوای ئادرەسی شوێنی نیشتەجێ بوون و شوێنی کاری ناوبراو و هەروەها چالاکییەکانی هەنگاویان لەوان کردووە کە بەشێوەی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار کراوە. هەنگاو هەر ئەو کات پۆلیسی وڵاتی نۆروێژی لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.

کاوە حەسەن پوور ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ (٦ی دیسەمبەرەی ٢٠٠٩) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مەهابادەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا و پاش ٢٧ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی سوپا و ئەشکەنجە کرانی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد و لە کۆتایی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە هاتە دەرەوە.

ناوبراو لە بەهاری ساڵی ٢٧١٠ (٢٠١٠) لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر خودایاری بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکومەت" سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیاد کرا.

کاوە حەسەن پوور سەرەنجام ساڵی ٢٠١٠ و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بە ناچار زێدەکەی جێ هێشت. ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو، پێش دەرچوون لە ئێرانیش چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا چالاک بوو و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی هونەری و ژینگەیی هەتاو لە شاری نەغەدە بووە.

جێگای باسە کە دوابەدوای ڕووماڵ کردنی هەواڵی کوشتار و ئەشکەنجەی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هەروەها دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی چەند چالاکی سیاسی و پەناخوازی کورد بۆ ئێران لەلایەن هەنگاوەوە، ناوەندە ئەمنییەکانی تورکیا هەنگاویان خستووەتە ژێر چاودێری.

هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ڕێگری و دەکردنی ناچاری ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی خۆی لەلایەن تورکیاوە، سەرلەنوێ نیگەرانی خۆی بە نیسبەت ئەمنییەتی هاوکارانی خۆی ڕادەگەیەنێتەوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هاوکارانی هەنگاو لە دەرەوەی ئێران بەردەوام هەڕەشەیان لێ کراوە و هاوکات ئەندامانی بنەماڵەکانیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بەردەوامی بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە