شاکر بێهرووزی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و گەڕێندرایەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە دوای ١٧ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن و بەڵێنی جێبەجێکرانی داو

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٨:٥٧

 

هەنگاو: شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە دوای ١٧ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن و بەڵێنی جێبەجێکرانی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سزای سێدارە کە دوو هەفتە پێش مانی لە خواردن گرتبوو، جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

هەنگاو زانیویەتی کە شاکر بێهرووزی ڕۆژی شەممە دوای ١٧ ڕۆژ مانگرتن و بەڵێنی جێبەجێکرانی داواکارییەکەی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە کە گەڕاندنەوەی بوو بۆ بەندی سیاسی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بانگ کرابوو و گوازرابووە بۆ خەوتنگەی ٢ی بەندیخانە و ناوبراویش لە ڕۆژی دواترەوە واتە چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستە مانی لە خواردن گرتبوو.


شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ کە بۆ ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوایی جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨) ١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.


شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە بە تۆمەتی "بەغی" و» ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە «بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. ئەم سزایە دواجار مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە