شەمزین محەممەدی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواو بوونی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

١ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٤:٠٠

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواو بوونی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، شەمزین محەممەدی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان دوای تەواوبوونی سزای پێنج مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٢)، شەمزین محەممەدی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

شەمزین محەممەدی خەڵکی گوندی «ئاڵی کەند» ی بۆکان ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٧ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای بۆکان دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە دواجار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر «پەیمان ڕۆستەمی» بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای ٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە شەمزین محەممەدی لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

شەمزین محەممەدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرابووەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە