فواد عەنایەتی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی کوردستان ئازاد کرا

٨ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٨:٠٩

 

هەنگاو: پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

فواد عەنایەتی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی سنە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ دوای ٤٠ ڕۆژ بەندکران بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەنایەتی لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، فواد عەنایەتی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کراوە.

فواد عەنایەتی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی یەکی خاکەلێوە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی پارکی منداڵ لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هاوڕێ لەگەڵ نزیکەی ٢٠ کەسی دیکە دەستبەسەر کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٣٩ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە