سوعدا خەدیرزادە لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بەردەوامە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی دووگیانی کورد کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، لە کاتێکدا پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕاند کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٨:٥٦

 

هەنگاو: شەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی دووگیانی کورد کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، لە کاتێکدا پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕاند کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە چوونەتە لای و پێیان وتووە کە ئێمە لەم دۆسیەیەدا هیچ دەسەڵاتێکمان نییە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ڕێگرە لە ئازادی ناوبراو.

هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی کە، سوعدا خەدیرزاد لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە هەتا کاتی جێبەجێکرانی داواکارییەکانی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات تەنانەت ئەگەر تەندروستی خۆی و کۆرپەلەکەی بکەوێتە مەترسییەوە.

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی وت: «بەخشی سەرۆکی بەندیخانە دوێنێ و ئەمڕۆ سەردانی سوعدا خەدیرزادەی کردووە و داوای لێ کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت و درێژەدانی ئەم مانگرتنە تەنیا بە قازانجی ئەوانەیە کەڵکی خراپ لەم بابەتە وەردەگرن».

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی لە بەرپرسانی بەندیخانە بە سوعدا خەدیرزادەیان وتووە کە لەم دۆسیەدا ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لایەنی سکاڵای دۆسیەکەیە و ئەوان ڕێگرن لە ئازادی ئێوە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١) ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.

هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە و هێزە ئەمنییەکان پێشنیازی دوور لە ئەخلاقیان بە من داوە.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە