بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی کەرەج مانی لە خواردن گرتووە

فەرەیدوون زاکری نەسەب بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١١:٠٥

 

هەنگاو: پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

فەرەیدوون زاکری نەسەب بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ وە لە هۆڵی ١١ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرەیدوون زاکری نەسەب بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ شەشەم ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕ دەکات.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فەرەیدوون زاکری نەسەب تەمەن ٣٣ ساڵ خاوەن بڕوانامەی کارناسی باڵای کارگێڕی بازرگانیی و یەکێک لە ڕاهێنەرانی ڕستەی وەرزشیی کۆنگفۆ لە پارێزگای کرماشانە کە هاوینی ٢٧١٧( ٢٠١٧) و دوای هێرش بۆ سەر بینای پەرلەمانی ئێران و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتیان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

فەرەیدوون زاگری نەسەب لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی «الفساد فی الارض» سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.


ئەم سزایە دواتر لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو لە ئێستادا بە تۆمەتی هاوکاری لە موحاریبە بەڕێوە دەچێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە