بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی مەلەکشاهی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون و چارەنووس
هەنگاو: هەینی ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کەسانە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێک لە لاوانی مەلەکشاهی بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتایییەکان و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی شارەکانی دیکە کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە چووە، دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەسەن غوڵامی ٢٥ ساڵە و موحسین باولەکی ٣١ ساڵە هەمان ڕۆژی ناڕەزایەتی دەربڕینەکە واتە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
شەوی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕ و لە درێژەی ئەو ڕەشبگیرییانەدا چەندین کەسی دیکە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی پێنج کەسیان بە ناوەکانی ڕووحوڵڵا ئەرغەندە تەمەن ٢٧ ساڵ، یەحیا ساڵحی تەمەن ٣٢ ساڵ، مەسعوود مامی، جابر میرزایی و ڕووحوڵڵا درەخش تەمەن ٢٤ ساڵ بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراون و لە کاتی دەستبەسەرکران دراونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە.
هەنگاو زانیویەتی ڕوحۆڵڵا ئەرغەندە بە جۆرێک لێی دراوە کە دوو دانە لە پەراسووەکانی شکاون و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەم حاڵەشەوە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە لە نەخۆشخانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
شەوی چوارشەممە گرووپێکی نەناسراو و چەکدار تەقەیان لە کەڵانتەری مەلەکشاهی کردووە و لە نێوان ئەو گرووپە نەناسراوە و هێزە چەکدارەکان پێکدادان هاتووەتە ئاراوە. کاتژمێر ٢ی سەر لە بەیانیش بانکی سادراتی مەلکشاهی ئاگری تێبەردراوە و کاتژمێر ٣ جارێکی دیکە پێکدادانێکی چەکدارانە لە نێوان ئەو گرووپە و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.
لەم پەیوەندییەدا دلاوەر ئەلقاسی مێهر، فەرماندەی ئینتزامی ئیلام ئەمڕۆ بە میدیاکانی حکومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە پێنج کەس لە پەیوەندی لەگەڵ تێک هەڵچوونەکانی شەوی ڕابردوو دەستبەسەر کراون.
پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە حەوت کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ئاکامی ئەم تێک هەڵچوونانە دا بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. هێزە ئەمنییەکان بە دوو ئەمبوڵانسی نەخۆشخانەی مەلەکشاهی بریندارەکانیان بۆ ئیلام گواستووەتەوە.
ئەم کەسانە هەرچەند بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و وتنی دروشمی دژ بە حکومەت دەستبەسەر کراون، بەڵام چالاکانی مەدەنی لە مەلەکشاهی لە سەر ئەو بڕوایەن کە ناوەندە ئەمنییەکان دەیانەوێت کە ئەوان وەکوو کەسانێک بناسێنن کە هێرشیان کردووەتە سەر کەڵانتەری و بانکی سادراتی ئەو شارەیان ئاگر تێپەرداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوان پێش ئەم تێکهەڵچوونانە دەستبەسەر کراون.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە مەلەکشاهی ڕایانگەیاندووە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەو شارە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە و هێزە تایبەتەکان لە شاردا جێگیر کراون و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی زۆرێک لە هاووڵاتییانیان پشکنیوە.