دایک و کچێکی دەستبەسەرکراوی مەریوانی دوای مانگێک ئازاد کران

کەژان سەمەدی تەمەن ٤٠ ساڵ و کچە تەمەن ١٨ ساڵانەکەی بە ناوی شیلان ئومێد پەنا خەڵکی مەریوان کە کۆتایی مانگی ڕابردوو هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە سنووری

١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٢١:٥١

 

هەنگاو: یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

کەژان سەمەدی تەمەن ٤٠ ساڵ و کچە تەمەن ١٨ ساڵانەکەی بە ناوی شیلان ئومێد پەنا خەڵکی مەریوان کە کۆتایی مانگی ڕابردوو هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە سنووری مەریوان دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە بەندیخانە ئازاد کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای مانگێک دەستبەسەر کران ئازاد کراون و لە ماوەی ئەو مانگەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون. سێ هاووڵاتیی دیکە کە لەگەڵ ئەم دایک و کچە دەستبەسەر کراون، هێشتا دەستبەسەرن.

کەژان سەمەدی و شیلان ئومێد پەنا کۆتایی مانگی خاکەلێوە هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی وریا موەید خەڵکی سنە، عەلی سەحرایی خەڵکی کرماشان و نەوزاد کەریمی خەڵکی مەریوان لە سنووری بانە و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە کە ئەندامی پێشووی کۆمەڵە و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ تورکیا (لەوێشەوە بۆ ئەورووپا) و لە لایەن چەند قاچاخچییەکی مرۆڤەوە براونەتە سنووری بانە هەتا لە سنووری ئورمیەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی تورکیا. لە ڕێگادا کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا و دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە