ئیرەج ڕەحیم زادە چالاکی مەدەنی دانیشتووی مەریوان دەستبەسەر کرا

٧ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٠٨:٢٩


هەنگاو: شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٤ ساڵ و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی "ڕوار" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان، ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەحیم زادە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە و دەستبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی دروست لە هۆکاری دەستبەسەر کران، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئیرەج ڕەحیم زادە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئیرەج ڕەحیم زادە مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٨ جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٨ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی "هاوکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان" (پژاک) سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ١١ ساڵانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە