سەعدی مەحموودی دوای دوو مانگ بە بارمتە ئازاد کرا
سەعدی مەحموودی هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٥٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی
هەنگاو: یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
سەعدی مەحموودی هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٥٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مەحموودی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «سەعدی مەحموودی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە».
سەعدی مەحموودی تەمەن ٢٥ ساڵ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان سەعدی مەحموودییان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کردووە.