هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد دەستبەسەر کرایەوە
شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢
هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی بۆکان ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هێمن مام قادریان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.
هێمن مام قادر کۆتایی بەهاری ٢٧١٧ دەستبەسەر و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.
ناوبراو پاییزی ٢٧١٩ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە و هەتا کاتی ئازادی لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو.