کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی ئایینی پیرانشار بە مەبەستی ئازادکردنی مامۆستا یوونس نەوخا

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ٠٣:٢٤


هەنگاو: سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢


ژمارەیەک مامۆستایی ئایینی لە شاری پیرانشار ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٢ی جولای ٢٠٢٢) بە مەبەستی ئازادی مامۆستا یوونس نەوخا، مامۆستای دەستبەسەرکراوی ئەم شارە لە پێش ناوەندی گەورەی ئیسلامی کۆبوونەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە مامۆستایانی ئایینی لەڕێگەی بەرپرسانی ناوەندی گەورەی ئیسلامی پەیامی خۆیان گەیاندووەتە ناوەندە ئەمنییەکان لە ئورمیە و داوای ئازادی بێ مەرجی مامۆستا یوونس نەوخایان تا ڕۆژی پێنجشەممە کردووە.

مامۆستا یوونس نەوخا مامۆستای قوتابخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی پیرانشار و مامۆستای پاراگلایدەرە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٧ی جولای ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینیە بەهۆی ڕەخنە لە حکومەت و ڕاگەیاندنی ڕۆژی شەممە وەکوو جەژنی قوربانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە