لە بەندیخانەی ئورمیە ژنێک مەترسیی سێدارەی لەسەرە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦ی جولای ٢٠٢٢) ژنێک بە ناوی فەرانەک بەهەشتی خەڵکی تیکاب کە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا
هەنگاو: سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦ی جولای ٢٠٢٢) ژنێک بە ناوی فەرانەک بەهەشتی خەڵکی تیکاب کە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کراوە.
هەنگاو زانیویەتی کە فەرانەک بەهەشتی پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی شووەکەی خۆی دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی زۆرە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لانی کەم ١٢ بەندکراوی ژن کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە چاوەڕوانی جێبەجێکرانی سزاکەیان دەکەن.
هەنگاو بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی لە ناو بەندیخانەی ئورمیە زانیویەتی کە لانی کەم ١٠ پیاو هاوڕێ لەگەڵ فەرانەک بەهشتی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کراون.
بەپەلە
— Hengaw Human Rights Organization (@HengawO) July 26, 2022
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە ناو بەندیخانەوە بە هەنگاو گەیشتووە، جیا لە فەرانەک بەهشتی، لە بەندی پیاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ١٠ کەس بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە کراون و مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەیان لە سەرە.