سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە
سوعدا خەدیرزادە بەندکرانی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە هەفتەی ڕابردوو دوای دانپێدانانی زۆرەملێ لە پێش کامێرا، هەوڵی خۆکوشتنی دا و منداڵە ٢ مانگانەکەی خۆ
هەنگاو: پێنجشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢
سوعدا خەدیرزادە بەندکرانی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە هەفتەی ڕابردوو دوای دانپێدانانی زۆرەملێ لە پێش کامێرا، هەوڵی خۆکوشتنی دا و منداڵە ٢ مانگانەکەی خۆی دەرمان خوارد کردبوو، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە شێوەی کتوپڕ لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە حاڵێکدا سوعدا خەدیرزادەیان لە بەندی ژنانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە کە منداڵەکەی لای بەندکراوانی دیکە بە جێ ماوە. شایانی باسە دانیشتنی دادگای سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی ڕابردوو بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچووە و دواتر هەنگاو ڕاپۆرتی تایبەت لەمبارەوە بڵاو دەکاتەوە.
سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە خۆی هەڵواسی و کۆرپە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردبوو، چاوی چەپی ئازاری جددی پێگەیەوە و هەتا ئێستاش نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە.
دوای میدیایی کردنی هەواڵی هەوڵی خۆکوشتنی سوعدا خەدیرزاد، ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران چەند چرکەیەک لە دانپێدانانی زۆرەملێی سوعدا خەدیرزاد کە پێشتر هەنگاو میدیایی کردبووە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم ڤیدیۆیە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتنی سوعدا تۆمار کراوە و سۆعدا تێیدا دەڵێت: «من لە میدیاکانی دەرەوە بێ ئاگام، ئەوان هەواڵی درۆ بڵاو دەکەنەوە».
دوای بڵاوکردنەوەی ئەو بەشە لە دانپێدانانی زۆرەملێی سوعدا خەدیرزاد، تۆمارێکی دەنگیی ئەو بەندکراوە سیاسییە کورد بە دەست هەنگاو گەیشتووە کە تێیدا دەڵێت: «ئەو دانپێدانانە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ بە زۆر لە من وەرگیراوە» و وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هەوڵی خۆکوشتنی خۆی دەڵێت: «بە هۆی گوشاری دەروونی لەو ماوەیەدا لەبەندیخانە بووم چەند جاری دیکەش هەوڵی خۆکوشتنم داوە کە سەرکەوتوو نەبووم».
هەروەک هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و پاراستنی زانیاری بەندیخانەی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە چەندین کاتژمێر لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە. هەنگاو زانیویەتی هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە ڕێگەی پەیوەندی سوعدا لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی لەسەر خۆی منداڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە بزانن.
هەنگاو زانیویەتی کە ناسر عەتباتی، سەرۆکی گشتی دەزگای دادی ئورمیە، داریوش بەخشی بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە و کەسێک بە نازناوی «بابەکی» کادیری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ناو ئەو گرووپەدا بوون کە سەعدا خەدیرزادەیان ناچار بە دانپێدانان لەپێش کامێرا کردووە.
لە ئاکامدا لێکۆڵەرەکان سوعدایان خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێت لە پێش کامێرا قسە بکات و ناچاریان کردووە کە لەپێش کامێرا بڵێت «بارودۆخی ژنانی لە بەندیخانەی ئورمیە زۆر باشە و هەموو ئیمکاناتێک هەیە و خزمەتگوزاری بۆ خۆی و کۆرپەکەی بەردەستە و هەموو هەواڵەکان کە لەو بارەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت هەنگاو بڵاو بووەتەوە درۆیە و دوورە لە ڕاستی».
هەر لەو ڕاستایەدا، ناوەندە ئەمنییەکان سوعدایان لە ژێر گوشار داناوە کە ئەگەر لە پێش کامێرا ئەم قسانە نەکات ئەوە دۆسیەی دەروونی بۆ دروست دەکەن و منداڵەکەی لێ وەردەگرنەوە و ڕادەستی بێهزیستی دەکەن.
سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون و دوای منداڵبوونیش بێبەش کراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.