دوایین زانیاری لە سەر باری تەندروستی سوعدا خەدیرزادە و کۆرپەکەی و نەگواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورم

٢٨ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٢٣:٠٣


هەنگاو: هەینی ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە خۆی هەڵواسی و کۆرپە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردبوو، چاوی چەپی ئازاری جددی پێگەیەوە و ئەگەر نەگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ئەگەری ئەوەی هەیە کە بۆ هەمیشە سۆمای چاوی لە دەست بدات و بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە داوای پارەیان لێکردووە. تەنانەت ڕۆژی ڕابردوو لە کاتێکدا باری تەندروستیی سوعدا ناجێگیر بووە بەرپرسانی بەندیخانە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر ناوبراویان لە منداڵەکەی جیا کردووەتەوە و بۆ بەندی قەرەنتینەیان گواستووەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە سوعدا خەدیرزاد چاوی چەپی ئازاری جددی پێکەیەوە و تار بووە و هەتا ئەمڕۆش توانایی بینینی نییە و مل، چاو و سەری هەڵماسیوە و شین بووەتەوە بەرپرسانی بەندیخانەش بە مەبەستی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە داوای پارەیان لێکردووە.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی هەنگاو، ئاڵا کۆرپە دوو مانگانەکەی سوعدا لە بێهداری بەندیخانە لە ژێر چاودێریدایە.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەری خستووە کە سوعدا پێش لەوەی هەوڵی خۆکوشتنی خۆی بدات چەند دانە حەبی خەوهێنەری بە ئاڵا داوە.


هەروەک هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و پاراستنی زانیاری بەندیخانەی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە چەندین کاتژمێر لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە. هەنگاو زانیویەتی هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە ڕێگەی پەیوەندی سوعدا لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی لەسەر خۆی منداڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە بزانن.

هەنگاو زانیویەتی کە ناسر عەتباتی، سەرۆکی گشتی دەزگای دادی ئورمیە، داریوش بەخشی بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە و کەسێک بە نازناوی «بابەکی» کادیری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ناو ئەو گرووپەدا بوون کە سەعدا خەدیرزادەیان ناچار بە دانپێدانان لەپێش کامێرا کردووە.

لە ئاکامدا لێکۆڵەرەکان سوعدایان خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێت لە پێش کامێرا قسە بکات و ناچاریان کردووە کە لەپێش کامێرا بڵێت «بارودۆخی ژنانی لە بەندیخانەی ئورمیە زۆر باشە و هەموو ئیمکاناتێک هەیە و خزمەتگوزاری بۆ خۆی و کۆرپەکەی بەردەستە و هەموو هەواڵەکان کە لەو بارەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت هەنگاو بڵاو بووەتەوە درۆیە و دوورە لە ڕاستی».

هەر لەو ڕاستایەدا، ناوەندە ئەمنییەکان سوعدایان لە ژێر گوشار داناوە کە ئەگەر لە پێش کامێرا ئەم قسانە نەکات ئەوە دۆسیەی دەروونی بۆ دروست دەکەن و منداڵەکەی لێ وەردەگرنەوە و ڕادەستی بێهزیستی دەکەن.

لە دوای گەڕانەوەی سوعدا بۆ بەندی ژنان ناوبراو سەرلەبەیانی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژە منداڵەکەی دەرمانداو کردووە و خۆشی هەڵواسیوە و کە هاوبەندییەکانی فریای کەوتوون و لە مردن ڕزگار کراون بەڵام یەکێک لە چاوەکانی سوعدا بە سەختی ئازاری پێ گەیشتووە.

هەنگاو وێڕای ئەوەی بەرپرسانی قەزایی بەتایبەت داواکاری گشتیی ئورمیە وبەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە بە بەرپرسیار دەزانێت، داوا دەکات کە سوعدا خەدیرزادە و کچەکەی هەرچی زووتر بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێن.

هەنگاو وێڕای نیگەرانی بە نیسبەت چەواشەکردنی دۆخی سوعدا و منداڵەکەی لەلایەن هەندێک میدیا و ماڵپەڕی نابەرپرس، جەخت دەکاتەوە کە هەموو ئەو زانیاریانەی کە لەڕێگەی هەنگاو لەسەر سوعدا بڵاو بووەتەوە لە سەرچاوەیەکی تەواو جێگای متمانە وەرگیراوە کە بە هۆکاری ئەمنی ناتوانین زانیاری زیاتر بڵاو بکەینەوە.

هەنگاو وەکوو ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی لە وڵاتی نەرویج تۆمارکراوە و لەژێر یاسا چاودێرییەکانی ئەو وڵاتەدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە