عەتا ڕەحمانزادە بەندکراوی سیاسی کورد ئازاد کرا

عەتا ڕەحمانزادە ناسراو بە شەماڵ سەقزی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦٥ ساڵی خەڵکی سەقز ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) دوای تەواوبوونی

١١ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٢:١٢


هەنگاو: هەینی ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٢


عەتا ڕەحمانزادە ناسراو بە شەماڵ سەقزی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦٥ ساڵی خەڵکی سەقز ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) دوای تەواوبوونی سزای ١١ مانگ بەندکران کە بە سەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەتا ڕەحمانزادە سەرباری نەخۆشی دیسکی کەمەر (ئینزلاق) لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا تەنیا یەک جار مافی مرەخەسی پێدرا و ناوەندە ئەمنییەکان چەندین جار لەگەڵ داوای ئازادی بە مەرجی ناوبراو دژایەتییان کرد و داواکەیان ڕەدکردەوە.

شەماڵ سەقزی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ دوای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگ و ڕەنگی ئێران لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز بە جلی کوردییەوە دەرکەوتبوو، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت» سزای ١١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

عەتا ڕەحمانزادە دواجار ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی سەقز دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

جێگای باسە کە عەتا ڕەحمانزادە لە ساڵی ٢٧٢٩ پاش ئەوەی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی" و "پشتیوانی کردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان"، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە بەند کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە