ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکان لە ئازادی بە مەرجی عەتا ڕەحمانزادە بەندکراوی سیاسی کورد

عەتا ڕەحمانزادە ناسراو بە شەماڵ سەقزی کە ٨ مانگ لە ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز تێپەڕاندووە، هەتا ئێستا لە مافی مەرەخەسی

٢ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٢:٢٦


هەنگاو: پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

عەتا ڕەحمانزادە ناسراو بە شەماڵ سەقزی کە ٨ مانگ لە ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز تێپەڕاندووە، هەتا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە ئازادی بە مەرجی ناوبراو کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی سەقزەوە، عەتا ڕەحمانزادە تەمەن ٦٥ ساڵ نەخۆشی دیسکی کەمەر (ئینزلاق) ی هەیە و هەتا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە مافی مرەخەسییان بە ناوبراو نەداوە ناوەندە ئەمنییەکانیش ڕێگرییان لە ئازادی بە مەرجی ئەو بەندکراوە بەساڵاچووە کردووە.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ دوای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگ و ڕەنگی ئێران لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز بە جلی کوردییەوە دەرکەوتبوو، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت» سزای ١١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

عەتا ڕەحمانزادە دواجار ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی سەقز دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

جێگای باسە کە عەتا ڕەحمانزادە لە ساڵی ٢٧٢٩ پاش ئەوەی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی" و "پشتیوانی کردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان"، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە بەند کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە