ڕفاندنی لانی کەم ١٠ منداڵ لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە

هێزە حکومەتییەکان، سەرەڕای هێرشەکانیان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، ١٠ منداڵیان بە ناوەکانی ئیحسان جەواهری، دیاکۆ ئەسەدی، زانیار ئەسەدی، سۆران ئەسعەدی، مار،

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٧:٥٣


هەنگاو: چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هێزە حکومەتییەکان، سەرەڕای هێرشەکانیان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، ١٠ منداڵیان بە ناوەکانی ئیحسان جەواهری، دیاکۆ ئەسەدی، زانیار ئەسەدی، سۆران ئەسعەدی، ماردین قادری، سیاوەش ئەمینی، محەممەد یووسف محەممەدزادە، ئەشکان نوسرەتیان یەزدان حاسڵی و مەتین ڕەحمانی لە شارەکانی ئابدانان، کامێران، پاوە، و سەردەشت ڕفاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی سێشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر گوندی لایەن سەر بە کامێران، ئیحسان جەواهری، تەمەن ١٦ ساڵ و دیاکۆ ئەسەدی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، هاوکات هێزە حکومەتییەکان لە شاری کامێران، دوای ڕفاندنی زانیار ئەسەدی لە یەکێک لە شەقامەکانی شار، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنین کردووە.

شەوی هەمان ڕۆژ، سێ منداڵی دیکە لە شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە ناوەکانی محەممەد یوسف زادە، تەمەن ١٦ ساڵ، ئەشکان نوسرەتیان، تەمەن ١٥ ساڵ و یەزدان حاسڵی، تەمەن ١٥ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندراون.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو هەمان ڕۆژ لە شاری پاوە، دوو منداڵی ١٦ ساڵ بە ناوەکانی ماردین قادری و سۆران ئەسعەدی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە هەمان ڕۆژدا ڕفێندران.

لە درێژەی شەپۆلی ڕفاندنی منداڵان، لە ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتی دیکەی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی سیاوەش ئەمینی خەڵکی ڕەبەت سەر بە شاری پیرانشار و هەروەها مەتین ڕەحمانی، خەڵکی گوندی "گەنمان" سەر بە هەمان شار، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندران.

هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی ڕفاندنی زیاتر لە ٣٠٠ قوتابی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی لە کوردستان بڵاو کردەوە، کە هەتا ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو حاڵەتانەی دوێنێ ناسنامەی ١٤٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە