دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی و ئازادبوونی چوار بەندکراو لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی لە شارەکانی مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون و چوار بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە.

٩ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٢:٣٠

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی لە شارەکانی مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون و چوار بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، سەڵماس و سەقز ئازاد کراون.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٦ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢٥ی فێوریەی ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دوو هاووڵاتی کوردیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتیە کە خەڵکی ئاوایی”گوێزە کوێرە”ی سەر بە مەریوانن “محەمەد محەمەدی” تەمەن ٢٩ ساڵ و “ئارمان سلێمانی” تەمەن ٢٣ ساڵان ڕاگەیەندراوە.

شەوی هەمان ڕۆژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووە سەر ماڵی هاووڵاتیەکی خەڵکی سنە بە ناوی “عەلی ئەڵڵاوەیسی” و دەستبەسەریان کردووە.

هەمان ڕۆژ، هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری سەقز بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

لەلایەکی دیکەوە، سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە  و سەڵماس کەوتنە بەر لیبوردنی”خامنەیی” و ئازاد کران.

نەزمین حەیدەری کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا، دوای تیپەربوونی ٦ ساڵ کەتەوە بەر لێبوردەی خامنەیی و ئازاد بوو. ئەو بەندکراوە سیاسیە خەڵکی سەلماسەو سەرەتا حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا و دوای دوو جار حوکمەکەی بۆ ٣٠ ساڵ و دواجار  ١٥ ساڵ کەم کرایەوە.

هەروەها فەرامەرز مامدی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران بە ٣ ساڵ بەندکران حوکم درابوو و لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە لە بەندیخانە بوو، کەوتە بەر لێبوردن و ئازاد کرا.

لەلایەکی دیکەوە، مەتین خالدی هاووڵاتی بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە دوایی تێکهەڵچوونەکانی مانگی بەفرانباری ساڵ ١٣٩٦ی هەتاوی حوکمی  یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، ئازاد کرا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە