دەستبەسەر کرانی شەش هاووڵاتی کورد لە دیواندەرە، سنە و پیرانشار
هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کرانی ئەم دواییانەی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان، شەش هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی دیواندەرە، سنە و پیرانشار دەستبەسەر کراون.
هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کرانی ئەم دواییانەی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان، شەش هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی دیواندەرە، سنە و پیرانشار دەستبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (٢٠ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ١١ی مارسی ٢٠١٩) هێزەکانی ئیتلاعاتی دیواندەرە، بەرنوێژی ئاوایی ینگی ئارخی ئەو شارەیان بە ناوی مەلا ”محەمەد زارعی“ لە پێش ماڵی خۆی دەستبەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەموو کتێب و کەل و پەلە تاکە کەسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە و تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە (١٨ی رەشەمە/٩ی مارس) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، تەوفیق محەمەدی، چالاکی کرێکاری دانیشتووی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.
یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدنی شار سنە بە ناوی ئەفشار فەتحی رۆژی دووشەممە بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە و دەستبەسەریان کردووە.
هەروەها ڕۆژی شەممە، هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی عەبدوسەلام حوسێنی تەمەن ٢٩ ساڵ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە (١٩ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ١٠ مارس ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دوو هاوڵاتی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی قادر محەمەدپووری تەمەن ٢٨ ساڵ و عێزەت مەحموودی تەمەن ٣٩ساڵیان دەستبەسەر کردوە.