کوژران و بریندار بوونی ٤ پاسدار لە کامیاران

هەنگاو: سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە بەرزاییەکانی شاهۆ و لە نزیک شاری کامیاران تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان یەکێک لە حیزبە .

٤ بانەمەڕ ٢٧١٩، ٢٠:٢٠

 

هەنگاو: سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە بەرزاییەکانی شاهۆ و لە نزیک شاری کامیاران تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران و سپای پسداران هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە(٤ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ٢٤ی ئاورایلی ٢٠١٩)، لە بەرزاییەکانی شاهۆ و نزیک گوندی تەنگیوەر و لە شوێنێک بە ناوی “ هەواری هانیە”، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان ئەندامانی یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران و سپای پاسداران رووی داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونەدا ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی “ناسر دروئی” خەڵکی گوندی لۆنی کامیاران کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە یكێکیان خەلکی ناوچەی ناودەروەن سەر بە دینەوەری کرماشان  بووە.

هەروەها و بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتوون، لایەنی کوردی زیانی گیانی نەبووە.

هەرچەند لایەنەکانی ئەم تێکهەڵچوونە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، هیچ یەک لە حیزبە کوردستانیەکان بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەیان بە ئەستۆ نەگرتووە. هاوکات میدیا حکوومەتییەکان کوژران و بریندار بوونی دوو پاسداریان پشتڕاست کردووەتەوە.

دوای ئەو تێکهەڵچوونە ناوچەکە بە تەواوەتی لەلایەن سپای پاسدارانەوە میلیتاریزە کراوە و هەموو هاتووچۆیەک کۆنترۆڵ دەکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە