هەوڵی کوشتنی سامان وەیسانی لە هاوکارانی هەنگاو و داواکاریی لە پێشگرتنی ڕێوشوێنێکی بەپەلە بەمەبەستی ڕزگارکردنی گیانی ناوبراو و بنەماڵەکەی

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٠:٥٩

 

ئێمە وەکوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە نیگەرانییەوە ئێوە بۆ کاردانەوەیەکی خێرا و بەپەلە بەمەبەستی ڕزگارکردنی گیانی سامان وەیسانی، لە چالاکانی میدیایی و هاوکارانی هەنگاو، و بنەماڵەکەی کە هەڕەشەی ڕفاندن، تیرۆر و کوشتنیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لێکراوە، بانگهێشت دەکەین.

سامان وەیسانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران، دوای هەڕەشەی بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، کە بەڵگەکانی لەبەر دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاودایە، ناچار بە بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان کرا. ناوبراو ماوەیەک پێشتر و دوای مانەوەیەکی کورت لە تورکیا، پەنای برد بۆ یۆنان، بەڵام تەنانەت لە یۆنانیشدا لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پارێزراو نەبووە.

بە سەرنجدانی دوو حاڵەتی هەوڵی کوشتنی سامان وەیسانی کە لە یۆناندا ڕووی داوە و پەیوەندیداربوونی هێرشبەرەکان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ژیانی ناوبراو و بنەماڵەکەی بە شێوەیەکی جددی لە مەترسیدایە. سەرەڕای دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە هێرشبەران و دانپێدانانی ڕاشکاوانەیان، پۆلیس و ناوەندی دژەتیرۆری یۆنان تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکیان بۆ پاراستنی ژیانی ناوبراو و بنەماڵەکەی نەگرتووەتەبەر.

بەپێی گێڕانەوەی سامان وەیسانی و ئەو بەڵگانەی کە بەشێکی زۆریان لەبەر دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاودایە، هێرشبەرەکان لە ڕێگای دەرەوەی کەمپی پەنابەران، بەکۆمەڵ هێرشیان کردووەتە سەر ناوبراو و هەوڵی ڕفاندن و کوشتنیان داوە کە بە گەیشتنی خەڵک و پۆلیس توانیویەتی ڕزگاری بێت.

پێشتر، سامان وەیسانی بەهۆی هەڕەشەی هاوشێوە و ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستبەسەرکران و دانپێدانانی یەکێک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە بەڵگەکانی لەبەر دەستدایە، ناچار بە بەجێهێشتنی تورکیا و پەنابردن بۆ یۆنان کرابوو. ناوبراو پاییزی ٢٧٢٣، دوای چەند مانگ هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتبوو و ئێستا لە یۆنان لەگەڵ هەڕەشەی جددی لەسەر گیانی ڕووبەڕوویە.

هەروەها چارەنووسی حوسێن باقری ناسراو بە "ژاکان باران"، شاعیر، چالاکی مەدەنی و سیاسی و هاوکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستاش نادیارە و ئەگەری قوربانی بوونی ناوبراو لەلایەن سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی جددی لە ئارادایە.

ئێمە داواتان لێدەکەین کە سەبارەت بە بارودۆخی سامان وەیسانی و بنەماڵەکەی، ئەو ڕێوشوێنانە بگرنەبەر:

١. گوشارخستنە سەر دەوڵەتی یۆنان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی سامان وەیسانی و بنەماڵەکەی و دابینکردنی بارودۆخێک بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی ئارام.

٢. داواکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەمەبەستی چاودێریی بارودۆخی ناوبراو و بنەماڵەکەی و پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست بۆ گواستنەوەیان.

٣. بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنی زانیاری لە ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر هەڕەشەکردن لە سامان وەیسانی، بۆ ڕاکێشانی سەرنج و بیروڕای گشتی و گوشار خستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە یەکگرتوویی و کاردانەوەی دەستبەجێی ئێوە دەتوانێت گیانی مرۆڤێک و بنەماڵەکەی کە منداڵێکی بچووکیش لەخۆ دەگرێت ڕزگار بکات و نموونەیەک لە پاڵپشتیی ڕاستەقینە لە مافی مرۆڤ بەرانبەر بە هەڕەشە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا بێت. هەنگاو ئامادەیە بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی سامان وەیسانی و بنەماڵەکەی تەواوی ئەو بەڵگانەی پەیوەندییان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕفاندن و کوشتن و هەوڵدان بۆ تیرۆری ناوبراو هەیە لەبەر دەستی میدیا و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە بڕواپێکراوەکانی ئێرانی و جیهانی دابنێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە