بێهرووز عەزیزی بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مرەخەسی پێدرا

بێهرووز عەزیزی بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مرەخەسی پێدرا

11:13 - 13 October 2021

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لەگوندەکانی سنە کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردراوەتە مرەخەسی و پاشان دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکران کە ٤ ساڵ پێش بە سەریدا سەپابوو، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، بێهرووز عەزیزی هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی گوندی مێراوی سنە، دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدراوە و دوای ئەوە دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بناسێنێت.

بێهرووز عەزیزی هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی گوندی مێراو بە ناوی ڕەسووڵ عەزیزیان تەمەن ٥٠ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٧ی سێپتامبری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ عەزیزیان هیشتا دەستبەسەر و بێهرووز عەزیزی لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

هەنگاو زانیویەتی کە بێهرووز عەزیزی دوای ١٠ ڕۆژ مرەخەسی دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

بێهرووز عەزیزی ساڵی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەلایەن هیزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانییان خستووەتە پاڵ هەر یەک لە بێهرووز عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزیان و دانیشتنی دادگای ئەم دوو کەسە لەم دۆسیەدا هێشتا بەڕێوە نەچووە.