حوکمی سێدارەی دانیال دیوانی ئازەر جێبەجێ کرا

حوکمی سێدارەی دانیال دیوانی ئازەر جێبەجێ کرا

21:24 - 8 December 2020

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی دووهەمین تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی سادق بەرمەکی خەڵکی مەهاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی دانیال دیوانی ئازەر، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی قەتڵی سادق بەرمەکەی لە بەندیخانەی میاندواو جێبەجێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت، بنەماڵەی دیوانی ئازەر ڕۆژی دووشەممە دواهەمین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوبراو ئەنجاوم داوە و دوای ئەوەی بنەماڵەی بەرمەکی حازر نەبوون کە لە بکوژی کوڕەکەیان خۆش بن، ئەمڕۆ حوکمەکەی جێبەجێ کراوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە حوکمی سێدارەی کەماڵ ئەسغەری، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە هەر لە بەندیخانەی مەهاباد جێبەجێ کرا.

دانیال زەینولعادبین، یەکێکی دیکیە لە تۆمەتبارانی دۆسییەکە، لە شۆڕشی سەرەتای بەهاری بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد بۆ بەندیخانەی میاندواو دوورخرایەوە و لەوێ لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست دا.

دانیال دیوانی ئازەر لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی کەماڵ ئەسغەری و دانیال زەینەلعابدین ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٧) هاووڕێیەکی دیکەی خۆیان بە ناوی سادق بەرمەکی تەمەن ١٩ ساڵیان بە شێوەیەکی هۆڤانە کوشتوبوو و دواتر تەرمەکەیان ئاگردابوو و فیلمیان لێ هەڵگرتبوو.
 

ئەو سێ هاووڵاتییە دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی یەکەی مەهاباد حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا و حوکمەکەیان لەلایەن لقی ٣٧ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە. کەسێکی دیکە لە لەو دۆسیەدا بەشدار بوو حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.