دەستبەسەر کرانی لانیکەم ٤ هاووڵاتی لە پیرانشار

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە یەکێکیان ئازاد

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠١:٠٧

 

هەنگاو:  لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە یەکێکیان ئازاد کراوە و چارەنووسی سێ کەسی دیکەیان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٤ی ئۆکتۆبری٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکیان بە ناوی هێمن ئەرزەن دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی ٣٠ی ڕەزبەر (٢٢ی ئۆکتۆبر)، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی لوقمان قادری خەڵکی شارەدێی پەسوێ و محەمەد جووجە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کراون کە محەمەد جووجە ڕۆژی دواتر ئازاد کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی پێنج شەممە ٢٩ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبر) هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی سەلاح عەلیزاده تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم چوار هاووڵاتییە بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون و ماڵەکانیشان لەلایەن ئەو هێزانەوە پشکێندراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ هێمن ئەرزەن، لوقمان کەریمی و سەلا عەلیزاده و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە