زارا محەمەدی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرا

هەنگاو: دوای ئەوەی داخوازی بەکارهێنانی مادەی ٤٧٧ لە دۆسیەی زارا محەمەدی لەلایەن دەزگای دادی سنەوە رەد کرا، ئەم چالاکی مەدەنیە بە مەبەستی

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢١:٢١

 

هەنگاو: دوای ئەوەی داخوازی بەکارهێنانی مادەی ٤٧٧ لە دۆسیەی زارا محەمەدی لەلایەن دەزگای دادی سنەوە رەد کرا، ئەم چالاکی مەدەنیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای  بەندکران بانگ کراوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای ئەوەیکە “حوسەینی” بەپرسی گشتی دەزگای دادوەری لە پارێزگای سنە، بەکارهێنانی مادەی ٤٧٧ی لە دۆسیەی زارا محەمەدی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی رەد کردەوە، ئەم چالاکە مەدەنیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٥ ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە بانگ کراوە و دەبێ لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا خۆی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرام وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە:“سەرجەم نەتەوەی کورد ڕایدەگەینین کە پاش لەبەرگرتنی هەموو ڕێگا بەناو یاساییەکان لە قۆناغەکانی دادگای سەرەتایی، دادگای پێداچوونەوە، دیوانی باڵا و مادەی 477 بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سەرەڕەوانە، نادادپەروەرانە و بێبەڵگەی 5ساڵ زیندانی سەپاو بەسەر خاتوو زارا موحەممەدی، دیسانەوە ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنەوە داسەپاوە و وێڕای دیاریکردنی ماوەیێکی کورت بۆ خۆڕادەستکردنی خاتوو زارا، حوکمی دیارکراو ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکان(ئجرای ئەحکام)ی دادگا کراوە”.

زارا محەمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٦ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێ تاوان ناساندبوو.

ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ (ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “مستەفا تەیاری” بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.

زارا محەمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە