سزای پێنج ساڵ بەندکران بۆ زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ بەندکراونی بۆ زارا محەمەدی پشتڕاست کردەوە.

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٩:٥٩

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ بەندکراونی بۆ زارا محەمەدی پشتڕاست کردەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای پێداچوونەوەی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی نۆژینی بۆ پێنج ساڵ بەندکران کەم کردەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای پێداچوونەوەی زارا محەمەدی، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ (ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا تەیاری" بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دادگا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندراوە.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێ تاوان ناساندبوو.

زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ (٢٣ی مەی ٢٠١٩)، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە دادوەری مستەفا تەیاری، سەرۆکی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە، لە دادوەرانی زۆر بەدناوی بواری مافی مرۆڤە و پێشتر لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی سنە بووەتە هۆی پێشێل کردنی مافە بنەمایییەکانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە پارێزگای سنە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە