سێ هاووڵاتیی دیکە لە مەریوان دەستبەسەر کران

سێ هاووڵاتیی دیکە لە مەریوان دەستبەسەر کران

13:41 - 12 January 2021

 

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لانی کەم سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێڕانەوە دەستبەسەر کراون و بەم پێیەش ژمارەی دەستبەسەر کراوانی مەریوان گەیشتووەتە ٧ کەس.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٠ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان بە ناوی "جەبار پیرووزی" و دەستبەسەریان کردووە. 

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەبار پیرووزی لە پاش دەستبەسەر کرانی گوازراوەتەوە بۆ سنە بەڵام شوێنی ڕاگیرانی ئاشکرا نەکراوە.

هەر ئەم ڕۆژە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو شارە بە ناوی "کارۆ عەلیداد"ی بانگ کردووە و پاش چەند کاتژمێر لێپێچینەوە، بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازادیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار (٦ی ژانویە)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "سەلمان ئەدوایی" و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سەلمان ئەدوایی خەڵکی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوانە و لە سنووری باشماخ کاسبکارە. ناوبراو پاش دەستبەسەرکرانی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی سەلماندا ماڵەکەیان پشکنیوە دەستیان بەسەر مۆبایل و لەبتاب و چەند کەلوپەلێکی دیکەیدا گرتووە.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوانی بە ناوەکانی زانیاری موعتەمیدی، کاروان مینوویی، دانا سەمەدی و سیروان کەریمزادە، بڵاو کردبووەەوە.