سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپا

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ و لەکاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە بە مەبەستی شەرمەزا

١٦ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٨:٠١

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ و لەکاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون، حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٢ی دێسامبری ٢٠١٩)، لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان  بە تۆمەتی ” تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداری کردن لە گردبوونەوەی نایاسایی“ حوکمی بەندکرانی بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاندووە.

بە پێی ئەو حوکمە کە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار (٦ی دێسامبر) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە، شاهۆ خزری بە یەک ساڵ بەندکران، هومەن فەیزی بە ٤ مانگ بەندکران و هاوژینەکەی بە ناوی ژاکا ئیسماعیل پوور بە ٣ مانگ بەندکران حوکم دراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبر) هاوڕێ لە گەڵ سمکۆ مەعرووفی و بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانی خەڵکی شاری بۆکان دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر و پاش دوو حەفتە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

سمکۆ مەعرووفی کۆتایی مانگی سەرماوەز لەلایەن هەمان دادگاوە حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە