شەپۆلی نوێی دەستبەسەر کرانی شارۆمەندانی کورد لە پیرانشار، ٨ کەس دەستبەسەر کراون

شەپۆلی نوێی دەستبەسەر کرانی شارۆمەندانی کورد لە پیرانشار، ٨ کەس دەستبەسەر کراون

11:42 - 18 November 2020

 

هەنگاو: دوو کەسی دیکەی لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بەمەش ژمارەی ئەو شارۆمەندە کوردانەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون گەیشتە ٨ کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی چیانە و دوو برایان بە ناوەکانی فارۆق پەسووپیش و زاهیر پەسووپیش دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو برایە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەر کرانی ئەو دوو برایە لە کاتێکدایه کە شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٥ی نۆڤەبر) لە گوندی گەرگوولی خواروو چوار شارۆمەند بە ناوەکانی شۆڕش عەبدوڵڵانیژاد، نەجمە سوخەنوەر، سەلاح ئاجی و کوڕەکەی بە ناوی ڕەحمان ئاجی و لەگوندی شیناوێ دوو شارۆمەند بە ناوەکانی  عەلی جۆڵا و ئیسماعیل حاژی عەبدوڵڵا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کراون.