لە ئاوریلی ٢٠٢٠ هەتا ئاوریلی ٢٠٢١ لە کوردستان ٣٨ کەس بوونەتە قوربانی مین + لیستی ناوەکان

لە ئاوریلی ٢٠٢٠ هەتا ئاوریلی ٢٠٢١ لە کوردستان ٣٨ کەس بوونەتە قوربانی مین + لیستی ناوەکان

22:46 - 3 April 2021

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر وەک ساڵانی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ ٤ی ئاوریل، ڕۆژی جیهانیی “هۆشیار کردنەوە و ئاگادار کردنەوەی لەمەڕ مەترسییەکانی مین” بە مەبەستی خستنەڕووی زیاتری مەترسییەکانی هەبوونی کێڵکەکانی مین لە کوردستان، ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانیانی مین لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٠ هەتا مانگی ئاوریلی ٢٠٢١، لانیکەم ٣٨ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقمەنییەکانی پاشماوەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ١٠ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و ٢٨ هاووڵاتیش بریندار یان کەم ئەندام بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١١ حاڵەت (٢٩٪) زیادی کردووە. ساڵی ڕابردوو ٤ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دابوو و٢٣ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بووون.

هەروەها، مێرمنداڵێک و ژنێک لە ناو قوربانیانی مینی ساڵی ڕابردوو بوون کە هەر دوویان بریندار کراون.

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاترین قوربانی تەقینەوەی مین لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراوە کە ١١ حاڵەت بووە.

پارێزگای سنە: ٨ قوربانی (٢ کوژراو و ٦ بریندار) ە دەکاتە ٢١٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای ئیلام: ١٠ حاڵەت (٦ کوژراو و ٤ بریندار) کە دەکاتە ٢٦٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای ئورمیە: ٩ حاڵەت (٢ کوژراو و ٧ بریندار) کە دەکاتە ٢٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای کرماشان: ١١ حاڵەت (١١ بریندار) کە دەکاتە ٢٩٪ی کۆی حاڵەتەکان.

 

جیاکردنەوە بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زیاترین قوربانیانی مین لە ساڵی ڕابردوودا چینی کرێکار بوون (کۆڵبەر، جووتیار، شوان و کرێکار) کە ساڵی ڕابردوو ٢٠ حاڵەت تۆمار کراوە.

کرێکار: ٢٠ حاڵەت (٦ کوژراو و ١٤ بریندار)

سەربازی: ١٣ حاڵەت (٤ کوژراو و ٩ بریندار)

مەدەنی: ٥ حاڵەت (٥ بریندار)

 

لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤدۆستانە و یاسای چاودێر بە سەر نەهێشتنی چەک، مینی دژە نەفەر بە چەکی قەدەغەکراو پێناسە کراوە. بەڵام مینە زەمینییەکان بە تەواوی قەدەغەکراو نین، سنوورگەلێک بۆ بە لانیکەم گەیاندنی ئاسەوارەکانی پێشبینی کراوە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا زیاتر یاسای نەریتین. بۆ نموونە بە پێی یاسای نەریتی، لایەنە دژبەرەکان دەبێ نەخشە و شوێنی گۆڕەپانەکانی مین بپارێزن و یان لە کاتی کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتی، بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل ئەو گۆڕەپانانە لە مین خاوێن بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ١٩٩٧ی ئوتاوا لەم بارەوە دەوڵەتەکان ناچار ئەکات بە خۆبواردن لە بەرهەمهێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینی دژە نەفەر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆری قوربانیی مین، تا ئێستا ئەم کنوانسیۆنەی واژۆ نەکردووە.

فەراز فیرووزی، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە و راوێژکاری یاسایی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە پێوەندی لەگەڵ واژۆنەکردنی ئەم کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییە لە لایەن ئێرانەوە وتی:

" لە پێوەندی لەگەڵ واژۆ نەکردنی کۆنوانسیۆنی ئوتاوا لە لایەن ئێرانەوە، دەبێ سەرنجی تایبەت بدرێتە ناکۆکیی نێوان ئێران و عێراق سەبارەت بە سنوورەکان کە دەوڵەتی ئێرانیش بەردەوام بە پاساوی پاراستنی سنوورەکان  پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە پەسند و واژۆ ناکات. بابەتێک کە کەمتر سەرنجی دراوەتێ ناڕوونبوون و دیارینەکردنی سنوور لە مەودایەکی بەرچاو لە رۆژاوای ئێرانە( لە نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان). پاش بەستنی پەیماننامەی ئاشتیی ئەلجەزایر و بەغدا لە نێوان دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق لە ١٩٧٥، بڕیار درابوو کە دیاریکردنی سنوور لە ژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی هاوبەشی تایبەت بە وتووێژەکانی سنوور بەڕێوە بچێت کە تا ئێستاش ئەم کارە نەکراوە. بەم پێیە کۆماری ئیسلامی مەیدانەکانی مین لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق بە بابەتێکی بەرگریی لە خۆی ئەژمار ئەکات و ئامادە نیە کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی مینی ئەو ناوچانە واژۆ بکات.

فیرووزی هەروەها لە درێژەدا وتی: ئەوەیکە لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە هۆی نیگەرانیی زیاتر سەبارەت بە بابەتی مین، تەنیا ئەوە نیە کە کۆماری ئیسلامی نایهەوێ کێڵگەکانی مین خاوێن و مینەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵکوو مینیش بەرهەم دەهێنێ کە بە مەبەستی جۆراوجۆر لە سەر زەوی و لەناو دەریا بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە سوپای پاسداران لە هێندێک ناوچە لە دوو جۆر مین بە ناوەکانی " هەورەتریشقە" و " راوچی" کەڵکی وەرگرتووە کە لە ژێر خاک دەیچێنێ و هەر ئەوەندەی کە تەقییەوە بە شێوەی هێشوویی کار ئەکات و سەدان پارچەی کونترۆڵنەکراوی لێ دەبێتەوە، تەنانەت تا بەرزایی ٥٠٠ میتریش دەڕوات کە چەکی تەقەمەنیی ئەوتۆ لە جۆری چەکی قەدەغەکراو لە یاسای مرۆڤدۆستانە دێتە ئەژمار.

پیشەسازیی سەربازیی ئێران هەروەها جۆرە مینێکی دەریایی بەرهەم دەهێنێت کە هێزی وێرانکردنی زۆر لە سەرەوەیە و بێجگە لە مەترسی بۆ سەر ئەمنییەتیی دەریاوانی، ئاسەواری خەسارهەڵگری زۆریشی بۆ سەر ژینگە هەیە.

ژمارەی مینە چێندراوەکان بە پێی ئامارە جۆراوجۆرەکان لە پێنج پارێزگای هاوسنوور لە گەڵ عێراق کە ئازەربایجانی رۆژاوا( ئورومیە) کوردستان، کرماشان، ئیلام و خوزستان لە خۆ دەگرێ، لە نێوان ١٦ تا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مەزندە کراوە کە لە رووبەری نزیکەی چوار میلیۆن و دووسەد هەزار دۆنمدا چێندراون. زۆربەی ئەو مینانە لە کوردستان( شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) چێندراون کە بە شێوەی نێوەنجی بۆ هەر هاووڵاتییەکی کورد دوو مین هەیە.

بێجگە لەو مینانەی کە بە هۆی شەڕی ئێران_عێراقەوە چێندراون، بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا بە بیانووی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری، لە سنوورەکاندا مینی نوێی چاندووە. ئاماری روو لە زیادبوونی قوربانییەکانی مین لە پارێزگای کوردستان و ئورومیە، لە ئاکامی ئەو سیاسەتە ئەمنییەتییەی کۆماری ئیسلامییە. بۆ نموونە لە بەرزاییەکانی شاری چاڵدێران کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراقیشدا نیە، هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە.

 

داونلۆدی فایلی PDF و لیستی ناوەکان