لە حەفتەیەک دا ٧ ژن خۆیان کوشتووە

لە حەفتەیەک دا ٧ ژن خۆیان کوشتووە

12:05 - 25 April 2020

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا (شەممە هەتا هەینی) لانیکەم ٧ ژن لە شارەکانی سنە، مێهران، سونقوڕ، سەقز و نەغەدە بە هۆی کێشەی خێزانی و ئابووری کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی هەینی ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی ”سارینا غەفووری“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە. ئەو ژنە ماوەیەک پیش لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە و دایکی منداڵێکیش بووە.

هەمان ڕۆژ، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی نەغەدە بە ناوی ”مەنیج قادری“ بە هۆی کێشەی خێزانی خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆپی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی بانەمەڕ، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی ”سیمین سەجادی“ بە هۆی هەژاری و کیشەی ماڵی لەڕێگای خواردنی حەبەوە خۆی کوشتووە. ناوبراو دایکی دوو منداڵ بووە.

هەنگاو پێشتر هەواڵی خۆکوشتنی چوار ژنی دیکەی بە ناوەکانی دەریا محەمەدی، نگین ئەمینی، شەریفەمستەفاپوور و ئەفسانە ڕەحیمی لە شارەکانی سنە، سونقوڕ و سەقز بڵاو کردبوویەوە.