موژگان کاووسی، بەندکراوی سیاسی کورد لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٦:٢٦

 

پشتیوانی لە هەنگاو

پەیامی کورد: موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە باکووری ئێران لەلایەن ئەنجومەنی ئینزباتی بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە مافی مرەخەسی لێ زەوت کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی ماوفی مرۆڤی هەنگاو، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئێڤینی سزای سێ ساڵ بەندکرانی سەپێندراو بەسەر خۆی تێپەڕ دەکات، لەلایەن ئەنجومەنی ئینزباتی بەندیخانەوە مافی کەڵک وەرگرتن لە مرەخەسی لێ زەوت کراوە و سەرباری ئەوەی کە بەدست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، هەتا ئێستا ئەو مافەی پێنەدراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ موژگان کاووسی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ ماوەی ١٦ ڕۆ مانی لەخواردن گرتبوو، ئەو مافەی لێ زەوت کراوە و بێبەش کراوه.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٩ (مارسی ٢٠٢٠) دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە