ناڕوونی چارەنووسی زارا محەمەدی و ڕێکخستنی کەمپەینێک بۆ ئازادی ناوبراو

14:58 - 28 May 2019

 

هەنگاو: دوای تێپەربوونی نزیک بە یەک حەفتە لە دەستبەسەرکرانی زارا محەمەدی، هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نیە و چالاکانی مەدەنی کوردستان کەمپەینێکیان بۆ ئازادی ناوبراو ڕێکخستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەربوونی شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدنی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین، هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەست نیە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی زارا محەمەدی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، لە کاتی دەستبەسەرکرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەکمان لەسەر چارەنووسی دەست نەکەوتووە و هەموو هەوڵەکانمان لەو بارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەم باباتەیش ئێمەی زۆر نیگەران کردووە.

لەلایەکی دیکەوە چالاکنی مەدەنی کوردستان بە رێکخستنی کەمپەینێک، داوای ئازادی زارایان کردووە .

چالاکانی مەدەنی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادکردنی زارا محەمەدی ، ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری ئازادنەکردنی ناوبراو، هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

زارا محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی نۆژین بە ناوەکانی ئیدریس منبەری و رێبوار منبەری، دەستبەسەر کران. ئیدریس و ڕێبوار منبەری رۆژی شەممە بە دانانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام چارەنووسی زارا تا ئێستا نادیارە.