هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ زێدی ڕامین حوسێن پەناهی و دەستبەسەر کردنی دوو هاووڵاتی

23:15 - 6 September 2019

 

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ بەرەبەرەی یەکەمین ساڵرۆژی لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسی کورد، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر زێدی ڕامین حوسێن پەناهی و   سەڕەڕای دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی، بە نیسبەت  بەرێوەچوونی هەر چەشنە ڕێوڕەسمێک هۆشدارییان داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانانی ٢٧١٩(٦ی سێپتامبری ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە هێرشیان کردووەتە سەر گوندی قروچیا و دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی “محەمەد حوسێن پەناهی” و “ساسان میرەکی” ان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی، ئەو هێرشە لە بەرەبەرەی یەکەمین ساڵرۆژی لە سێدارەدانی ڕامین حوسەین پەناهی، بەندکراوی سیاسی کورد ئەنجام دراوە و هێزەکان هشداریان داوە کە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک نابێت بەرێوە بچێت.

ئەو هێزانە هەروەها، چەندین هاووڵاتی دانیشتووی ئەو گوندەیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە نابێت سبەی (شەممە) لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵڕۆژی لەسێدارە دانی ڕامین حوسێن پەناهی بەشداری بکەن.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتیە دەستبەسەر کراوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروەیان کردووە بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

ڕامین حوسەین پەناهی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرماننی ٢٧١٨(٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەی سیاسی کورد بە ناوەکانی لوقمان و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە درا.