پەروین عەبدوڵڵا پەنا بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازرایەوە

پەروین عەبدوڵڵا پەنا بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازرایەوە

19:31 - 29 April 2022

 

هەنگاو: هەینی ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٢


پەروین عەبدوڵڵا پەنا یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لە بانە کە ڕۆژی سێشەممە هاوڕێ لەگەڵ ٧ چالاکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ بۆ بەندی کەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازراوەتەوە.


هەنگاو زانیویەتی کە پەروین عەبدوڵڵا پەنا بە ڕۆژدا دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت و ئێواران دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە.\


پەروین عەبدوڵڵا پەنا بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی حەسەن عیزەتی و ٦ چالاکی کرێکاری و مەدەنی دیکە بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سولەیمانی، فاتیح مەجیدی، ئەفشین ڕەشیدی و فواد فارووقی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.


ناوەندە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم ٨ کەسە بەڵگەی تایبەت بە ئیتلاعاتی سوپایان پیشان داوە، بەڵام دوای دەستبەسەکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە.


جێگای ئاماژەیە کە حەسەن عیزەتی ڕۆژی چوارشەممە و نیشتمان ڕەحمەتی هەمان ڕۆژی دەستبەسەر کران ئازاد کراون و ٦ کەسی دیکە هێشتا دەستبەسەرن.


هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم ٨ کەسە ماڵەکانیشیانیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل و کتێبەکانیاندا گرتووە.


ئەم کەسانە لە بەرەبەری ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەستبەسەر کراون و ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئیدیعای کردووە کە ئەم کەسانە کە لە چالاکانی ناسراوی شاری بانە بە هەژمار دێن سەر بە حیزبی کۆمەڵە بوون.