چارەنووسی سێ هاووڵاتیی مەریوانی نادیارە

چارەنووسی سێ هاووڵاتیی مەریوانی نادیارە

18:41 - 14 October 2020

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕێنی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان و سەرباری بە دواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٠)،  هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”دەرگا شێخان“یان بە ناوەکانی ”حامید دادستان“ تەمەن ٥٤ ساڵ، ”محەمەد عەلی دادستان“ تەمەن ١٩ ساڵ (کوڕی حامید) و ”حەمدی دەبستانی“ تەمەن ٤٢ ساڵیان  دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی دادستان لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، لە ماوەی ١٧ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتمان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێمان نەداوەتەوە و وتوویانە بڕۆنەوە خۆمان زەنگ دەدەین، کەچی هەتا ئێستا زەنگیان نەداوە و ئەمەش بنەماڵەکەمانی نیگەران کردووە.
 

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن داویانیانەتە بەر لێدان و کوتان و توورەکەیان بەسەریاندا کێشاوە.