محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بۆکان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بۆکان، کە دوای دەستبەسەرکرانی لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە، ئەشکەنجە کرابوو؛ بەهۆ

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٠:٥٨


هەنگاو: دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بۆکان، کە دوای دەستبەسەرکرانی لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە، ئەشکەنجە کرابوو؛ بەهۆی سەختی برینەکانی و خراپی بارودۆخی شوێنی ڕاگیرانی گیانی لەدەست دا. ژمارەی کوژراوانی ژێر ئەشکەنجە لە کوردستان بۆ ١٠ کەس بەرز بوویەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەرەبەیانی دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) دوای پێنج ڕۆژ چوونە حاڵەتی کۆما لەژێر کاریگەری ئەشکەنجەی دڕندانە، لە نەخۆشخانەی "قولی پوور" ی شاری بۆکان گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە هۆکاری خراپتربوونی دۆخی تەندروستی و گیان لەدەست دانی ئەم هاووڵاتییە، ڕێگری هێزە حکومەتییەکان بۆ دەست ڕاگەیشتنی بە ئاوی خواردنەوە بووە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستبەسەرکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان.


محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانە و سەختی برینەکانی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان، ئاستی هۆشیاری خۆی لەدەست دابوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترابووەوە.

ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤەمبەر) لە دووکانەکەیی خۆی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان دەستبەسەرکرابوو و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هەتا کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان بێ وەڵام مابووەوە.

پێشتر محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبەر)، لەلاین هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوو کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر و دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هەر لەم ڕاستایەدا ناوبراو، پێشتر بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢) دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد بووبوو.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە، لە ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خەرمانان هەتا ئێستا، ١٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانیان و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە