هونەرمەند سامان یاسین کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کرا، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

سامان یاسین، ڕاپێر و ئاهەنگسازی خەڵکی شاری کرماشان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری

١٧ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٦:٤٠


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

سامان یاسین، ڕاپێر و ئاهەنگسازی خەڵکی شاری کرماشان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی شەڕکردن بە دژی خودا (موحارەبە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین و تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕاپێر و ئاهەنگسازی کورد، لەلایەن لقی ١۵ی دادگای شۆڕشی حکومەت لە شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی و بە تۆمەتی شەڕکردن بە دژی خودا (واتە موحارەبە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و بڕیاری دادگا لەسەر ئەو سزایە بەفەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی سەیدی، سامان یاسین لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا کاتی سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و دۆسیەی ناوبراو بە مەبەستی پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بۆ دوایین جار، ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات (ئێران) کراوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە؛ دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ئەمنییەتی بوون لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆسیەی ئەو هونەرمەندە هیچ زانیاری و وردەکارییەکیان بە بنەماڵەی ناوبراو نەداوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایشیگەیاند؛ سامان یاسین نزیک بە دوو حەفتە پێش لە ناکاو لە بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گواستراوتەوە و ئەگەری جێبەجێبوونی بڕیاری دادگا و سزای لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە، بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تردا ڕایگەیاندووە کە دانیشتنی دادگای سامان یاسین، ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە شاری تاران بەڕێوە چووە و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەش کراوی ناوبراو، بە شەڕکردن بە دژی خودا (واتە موحارەبە) تۆمەتبار کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕاپێری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانیی ناوبراو لە ڕاپەڕینی خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بووە.

ئەو هونەرمەندە چەندین گۆرانیی کوردیی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر خەڵکی ئێراندا بڵاو کردووەتەوە، هەروەها لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری، پشتیوانیی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی خەڵک دەربڕیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە