برینداربوونی سێ برای هێمن حەمزە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٢:١٠


هەنگاو: سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سەرەڕای ئەوەی کە حەفتا ڕۆژ لە کوژرانی کاسبکارێکی کورد و خەڵکی سەردەشت بە ناوی هێمن حەمزە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕ بووە، هێزە حکوومەتییەکان هێرشی چەکدارانەیان کردووەتە سەر ماڵی براکانی ناوبراو و بە تەقەی ڕاستەوخۆ سێ برای ئەو هاووڵاتییەیان بریندار کردووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەردەشت هێرشی چەکدارانەیان کردووەتە سەر ماڵی ئازاد حەمزە برای هێمن حەمزە.


ئەو هێزە حکوومەتییانە پاش ئەوەی کە ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان گەمارۆ داوە، چوونەتە نێو ماڵەکەی و هەروەها دوو برای دیکەیان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا و محەممەد حەمزە هێناوەتە ئەوێ و دەستبەجێ تەقەیان لەو سێ برایە کردووە کە دوو گوللە بەر لاقی عەبدوڵڵا حەمزە و گوللەیەکیش بەر دەستی محەممەد حەمزە کەوتووە.


بە وتەی شایەتحاڵانی ئەم هێرشە لە شاری سەردەشت، لە درێژەی ئەم هێرشەدا ئازاد حەمزە یەکێک لە براکانی هێمن حەمزە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان.


ئەو سێ هاووڵاتییە کە برای هێمن حەمزە، بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت گوستراونەتەوە و عەبدوڵڵا حەمزە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بە مەبەستی چارەسەری کردن بۆ نەخۆشخانەی ئورمیە گوستراوەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هێرشە دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر عەبدوڵڵا حەمزە، ئازاد حەمزە و محەممەد حەمزە، پەیوەندی بە کوژرانی هێمن حەمزە برای بچووکتری ئەو سێ هاووڵاتییەوەیە.


هێمن حەمزە، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی بێوران سەر بە شاری سەردەشت، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کرا و پاش ئەوەی کە گواستراوەیەوە بۆ نەخۆشخانەی ئورمیە، لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە