جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی بەندەر عەباس و کەرەج

سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی خالق خزرزادە و ڕەشید لەوەندەپوور بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانە

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٤:١٨


هەنگاو: دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢

سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی خالق خزرزادە و ڕەشید لەوەندەپوور بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکانی بەندەر عەباس و کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی خالق خزرزادە، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی ڕەشید لەوەندپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی "خرەکووش"ی ئورمیە، لە بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج جێبەجێ کرا.


خالق خزرزادە دوو ساڵ پێش و ڕەشید لەوەندپوور چەند ساڵ پێش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کران و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.


هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیەندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە